ژێدەر-رۆژهەڵاتی كوردستان:
بەپێی هەواڵی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بارودۆخی تەندرووستییان لە مەترسیدایە، هاوکات لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکە لە خزمەتگووزارییە تەندرووستییەکان بێبەش کراون.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی “تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان” لەبارەی بارودۆخی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی بەهرام مەجدیفەرد و شاهین وەساف کە بەدەست چەندین نەخۆشییەوە دەناڵێنن، سەرباری ئەوەی دەبێت زۆر بەپەلە لە زیندانی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانەکە بگوازرێنەوە، بەڵام تا ئێستا بە هۆکاری نادیار لە خزمەتگووزاریی پزیشکی بێبەش کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە: شاهین وەساف نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرا و دوای ئەنجامدانی سینۆگرافی پێی ڕاگەیەنراوە، کە دەبێت نەشتەرگەری فەقەراتی بۆ بکرێت، هەروەها بەهرام مەجدیفەرد بەدەست ئازاری ددان و بەردی گورچیلەوە دەناڵێنێت، بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە ڕێگری لە گواستنەوەیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان دەکەن.
جێگای ئاماژەیە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، شاهین وەساف خەڵکی سەڵماس بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ییتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بەسەرۆکایەتی دادوەر “شاهین” بە تۆمەتی”سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل” سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
شایەنی باسە، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەهرام مەجدیفەرد خەڵکی گوندی ڕاژانی ورمێ بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران بەتۆمەتی “ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی ئێران و بانگەشە دژ بە دەوڵەت” سزای ١١ساڵ و ١١مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

