ژێدەر-باكوری كوردستان:
مامۆستای ڕاگەیاندنی ئازاد “حسێن ئایکۆل” دوای مانەوەى دوومانگ و ١٧ ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانی ئازاد “حسێن ئایکۆل” مامۆستای ڕاگەیاندنی ئازاد دوای مانەوەى دوومانگ و ١٧ ڕۆژ لە نەخۆشخانە ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی ١٤ـی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو حسێن ئایکۆل لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئەنقەرە تووشی خوێنبەربوونی مێشک(جەڵتەى مێشک) بوو دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەیانی ئەمڕۆ دوای مانەوەى دوو مانگ و ١٧ ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ڕۆژنامەنووس و نووسەر حوسێن ئایکۆڵ لە ساڵی ١٩٥٢ لە ناوچەی ساڵحلی سەر بە شاری مانیسا لەدایکبووە، دەرچووی زانکۆی ئیزمیر بووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی ئەنقەرە و چوار ساڵ لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی، پێش کودەتاکەی ١٢ـی ئەیلول، وەک وەرگێڕ و سەرنووسەر لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر کاری کردووە و بووەتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی تورکیا.
حوسێن ئایکۆل چاپی تورکی گۆڤاری سۆسیالیزم، کە لە نزیکەی ٤٠ وڵاتدا بڵاوکرایەوە، بڵاوکردەوە، دوای مانەوەی نزیکەی ١٠ ساڵ لە زیندان لە کاتی کودەتاکەی ١٢ـی ئەیلولدا، گەڕایەوە سەر کاری ڕۆژنامەگەری و چاپ و بڵاوکردنەوە.
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ بەشداری لە دامەزراندنی هەفتانەی ڕۆژنامەی ڕاستی گەل (هالک گەرچەگی) کردووە و دواتر درێژە بە کارەکانی دەدات بۆ ڕۆژنامەکانی وەک ئۆزگور ئولکە، ئۆزگور گوندەم، ئۆزگورلوچو دیموکراسی و یەنی یەشام دەدات، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکانی مانگانە و هەفتانە و ڕۆژانەدا کاری کردووە.
هەرچەندە حوسێن ئایکۆڵ بە شێوەیەکی سەرەکی وەک سەرنووسەری هەواڵی جیهانی کاری کردووە، بەڵام ئایکۆڵ وەک سەرنووسەری چەند ڕۆژنامەیەک کاری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی وەرگێڕدراوە.
