Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
00:00:00
بار دەبێت...
کتوپڕ
بار دەکرێت...

دوو ساڵە کێشەی گەڕەکی نەورۆز چارەسەرنەکراوە

وێنە/دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز بەردەوامن لەمانگرتن لەهەمبەر لەشکرکێشی سوپای عێراق/ ژێدەر 8شوباتی2024

ژێدەر-کەرکوک
ئەمڕۆ 2ـی کانوونی دووەمی 2026 دوو ساڵی تەواو بەسەر لەشکرکێشی سەر گەڕەکی نەورۆز {گەڕەکێکی کوردنیشینی پارێزگای کەرکوک} تێپەڕی، تائێستا سوپای عێراق دەستی بەسەر خانووەکانی گەڕەکەکەدا گرتووە و ئامادەنیە خانووەکان رادەست بکاتەوە.

لەسەرەتای رووداوەکە بەرپرسانی کورد خێرا هاتنە سەرهێڵ و هەوڵیاندا لەڕێی پەیوەندی کردن بەسابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراقەوە سوپای عێراق لەنێو ماڵەکانی گەڕەکەکە دەربکەن، بەڵام وەزیری بەرگری عێراق تەنها ئەو هێزە زیادەیەی ناو گەڕەکەکەی دەرکرد، کە لەکاتی لەشکرکێشییەکەی سەرگەڕەکەکە گرژی لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و دانیشتووانی گەڕەکەکە درووست ببوو، بەڵام هێشتا خانووەکانی گەڕەکەکە بەدەستی سوپای عێراقەوەیە و رێگەنادەن دانیشتووانی گەڕەکەکە وەری بگرنەوە.

پاش 730رۆژ لەو رووداوە تائێستا سەرپرسانی کورد لەکەرکوک دەڵێن چاوەڕێی بەغدادین بۆئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت و چارەسەری کێشەکە ئێستا لەدەستی سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق دایە و جەنابی وەزیریش سوێندی خواردووە وابەئاسانی ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات و هەرچی لەدەستی بێت بیکات بۆئەوەی کێشەی نەورۆز قوڵتر ببێتەوە.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی گەڕەکی نەورۆز، دانیشتووانی گەڕەکەکە هۆشداریان دا لەوەی گەر کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت، کێشەکەیان پەرەدەسەنێت و ناوچەکانی دیکەی شارەکە دەگرێتەوە و پێشبینی دانیشتووانی گەڕەکەکە وەکو خۆی هاتەدی و لەپاش گەڕەکی نەورۆز، لەماوەی دووساڵی رابردوودا هەریەکە لەگەڕەکەکانی (عەرەفە، روناکی) لەپاش گەڕەکی نەورۆز دوچاری هەمان گرفت بوونەوە و کێشەی جوتیارانی سەرگەڕان و شەناغە و تۆپزاوا و لەیلان و داقوق و تەپەسەوز و هەفتەغار و شوان لەباشور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات و باکوری پارێزگای کەرکوک سەری هەڵدا و تووشی هەمان گرفت بوونەوە بەڵام بەمیکانزمی جیاواز.

ئەوەی جێی سەرنجە تائێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر کێشەی ئەو ناوچانەی کەرکوک هیچ دانیشتنێکی ئاسایی یان نائاسایی و بەپەلەی سازنەکردووە بۆئەوەی هەوڵبدەن کێشەی ئەو ناوچانەی لەرێگەی یاسا و بەهێزی خۆجێیی چارەسەربکرێت، نەک بەکارهێنانی سوپا و هێزی سەربازی بەچەکی قورس و سوک و مامناوەندەوە هەڵبکوتنە سەر گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی کەرکوک.



وێنە/پۆلیسی  چالاکییە مەدەنییەکانی کەرکوک خێوەتی مانگرتووانی نەورۆز دەپارێزێت، کە لەدژی لەشکرکێشیەکانی سوپای عێراق هەڵیانداوە/ ژێدەر 25کانوونی دووەمی 2024