ژێدەر-کەرکوک:
ڕۆژنامەنووس هەژار ڕەشید کاکەیی پەیامنێری ماڵپەڕی وشەی نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستان بەژێدەری ڕاگەیاند، پەیامی هەڕەشە و گەلە کۆمێی لێکراوە لە لایەن هەندێك کاکەیی کە هەر ڕۆژەو لە سەر ئاینێکن.
ئاشکرایشی کرد، کە لە گروپە داخراوەکانی کاکەیی خەڵکیان هانداوە بەقسەی ناشرین و جنێودان، کە دوور لە کەلتوری ئاینی و مرۆڤایەتی دەدوێن.
وتیشی: "من دەمەوێت بڵێم هەموو کەسێک دەتوانێت قسەی ناشرین و جنێو بدات بەڵام کەلتور و ئادابی خۆم و خانەوادەکەم وا فێری نەکراوین بەو شێوەیە ئاخاوتن بکەم ئەگەرنا منیش دەتوانم بەوشێوەیە قسە بکەم و ڕەنگە زۆر ئاسان بێت".
دەشڵێت: "هێرش کردنە سەر خۆم و خانەوادەکەم و پاراستنی ژیانمان دەخەمە ئەستۆی بەشێک لە ئاغاکانی کاکەیی و هەندێک کەس کە بەناوی گەورە و مەرجەعەوە قسە دەکەن و هەوڵی ئاشوب دەدەن".
بەوتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئەو ڕووداوانە لە دوای ئەوە دێت، کە وەک کاکەییەک لە عێراق و کوردستانێکی فرە ئاین داوای کردووە هاوشێوەیی ئاینەکانی دیکە ڕۆژی جەژنی قەوڵتاسی کاکەییەکان بکرێتە پشوو.

