Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
00:00:00
بار دەبێت...
کتوپڕ
بار دەکرێت...

بەپێچەوانەی یاسا، 15کەسایەتی دیاری سەربازی عێراق خۆیان کاندیدکردووە


ژێدەر-عێراق:

لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق زیاتر لە7765 کاندید لەسەر 145 حزب و هاوپەیمانی کێبڕکێ بۆبەدەستهێنانی 329کورسی پەڕلەمان دەکەن، لەو ژمارەیەش 15کاندید فەرماندەی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراقن و لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق کەسانی دیار و ناسراون.

بەپێی بڕگەی (9) لەماددەی (2)ـی یاسای رێکخستن و پشتڕاستکردنەوەی لیستی کاندیدان ژمارە(3)ـی ساڵی 2025، هیچ کەسێک لەدەزگا ئەمنی و هێزە سەربازییەکان و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و دادوەران بۆیان نیە لەکاتی خزمەتکردندا خۆیان کاندیدبکەن، تەنها لەحاڵەتی خانەنشین بووندا بۆیان هەیە خۆان کاندیدبکەن.

لەو 15کاندیدە تەنها یەک دانەیان کوردە وئەوانەی دیکە بەنەتەوە عەرەبن و پارێزگای بەغداد بە12کاندید پشکی شێری کاندیدی سەربازی بەرکەوتووە و هەریەکە لەپارێزگاکانی کەرکوک و بەسڕە و دیوانییە خاوەنی 3کاندیدی سەربازین.

کاندیدەکان سەر بەلیستەکانی (دەوڵەتی یاسا و جوڵانەوەی سادقون و هاوپەیمانی سیادە و هاوپەیمانی بونیاد و پەرەپێدان و هاوپەیمانی عەزم و ئەبشەر یاعێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوپەیمانی خزمەت و هاوپەیمانی بناغەی عێراق و حەسمی نیشتمانی) خۆیان کاندیدکردووە.


کاندیدەکان ئەمنی و سەربازییەکان:

١-فەریقی یەکەمی روکنی فڕۆکەوان حامد عەتیە مالیکی، کاندیدی ژمارە 2 لەپارێزگای بەسڕە لەسەر لیستی ژمارە 224ـی ئەبشەر یا عێراق بەسەرۆکایەتی هومام حەمودی، مالیکی لەساڵی2010 هێزی فڕۆکەوانی سوپای دامەزراندووە و تاوەکو ساڵی 2019 فەرماندەی هێزەکەبووە.

٢-فەریق روکن ناسرم غەنام، کاندیدی ژمارە 16 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 221ـی هاوپەیمانی سیادە، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، غەنام پێشتر سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازی ناسریە بوو، لەکۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بەهۆی گیان لەدەستدانی دوو خوێندکاری ئەکادیمیاکە لەپۆستەکەی دوورخرایەوە.

٣-فەریق روکن عەلی هەنداول، کاندیدی ژمارە 14 لەپارێزگای دیوانیە لەسەر لیستی ژمارە 257ـی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، هەنداول پێشتر راگری هەردوو کۆلێژی جەنگ و بەرگری نیشتمانی بووە.

٤-فەریق هیشام گاتع ئەسەدی، کاندیدی ژمارە 15 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 244ـی هاوپەیمانی بناغەی عێراق، بەسەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی، ئەسەدی پێشتر بەرپرسی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بووە.

٥-لیوا یەحیا رەسوڵ، کاندیدی ژمارە 33 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 257ـی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، یەحیا پێشتر وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو.

٦-لیوا عەدنان جەواد، کاندیدی ژمارە 27 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 271ـی هاوپەیمانی خزمەت، بەسەرۆکایەتی شەبل زوبەیدی فەرماندەی حەشدی شەعبی، عەدنان جەواد بەپلەی لیوا خانەنشین کراوە.

٧-لیوا نوری غافڵ دلێمی، کاندیدی ژمارە 22 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 269ـی هاوپەیمانی حەسم نیشتمانی، بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجەیفی، دلێمی پێشتر یەکێک بووە لەئەفسەرە دیارەکانی سوپای عێراق و لەسەردەمی رژێمی بەعسیشدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و بەپلەی لیوا خانەنشین کراوە.

٨-عەمید روکن عەلی ئەنهیر روبەیعی، کاندیدی ژمارە 76 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 207ـی هاوپەیمانی بونیادنان و پەرەپێدان، بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، روبەیعی پێشتر فەرماندەی سەربازگەی دەروازەی مەعزەم بووە.

٩-عەمید عەزیز ناسر، کاندیدی ژمارە 3 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 244ـی هاوپەیمانی بناغەی عێراق، بەسەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی، عەزیز ناسر پێشتر پێشکەشکاری ئەمنی بووە و لەبەشی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەرنامەیەکی ئەمنی پێشکەشکردووە.

١٠-عەمید مازن غەریب، کاندیدی ژمارە 7 لەپارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی ژمارە 222ـی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، مازن غەریب پێشتر فەرماندەی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک بووە و لەناوەڕاستی ساڵی 2025 کرایە بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و یەکێکە لەو فەرماندە ئەمنییانەی کەرکوک، کە بەدڵسۆزی بۆخەڵک ناسراوە.

١١-عەمید عەلی قوڕەیشی، کاندیدی ژمارە 14 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 202ـی جوڵانەوەی سادقون، بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، قوڕەیشی یەکێک بووە لەفەرماندەکانی هێزی دژەتیرۆری عێراق و رۆڵێکی باڵای لەئازادکردنی پارێزگای سەڵاحەدین هەبووە لەشەڕی دژی داعش و بەهەڵۆی بێجی ناوبانگی دەرکردووە.

١٢-عەقید روکن ئیبراهیم قاسم عامری، کاندیدی ژمارە 6 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 202ـی جوڵانەوەی سادقون، بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، عامری یەکێکە لەفەرماندەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق.

١٣-عەقید عوسمان هادی شەیبانی، کاندیدی ژمارە 10 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 257ـی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، شەیبانی کوڕی هادی شەیبانی یەکێک لەسەرکرە دیارەکانی شیعەبوو، کە لەراپەڕینی شەعبانییە لەلایەن رژێمی بەعس کوژرا و خۆیشی یەکێک بووە لەبەرپرسەکانی وەزارەتی ناوخۆ و کەسێکی متمانەپێکراوی نوری مالیکی بووە لەوەزارەتەکە.

١٤-عەقید بەسام عەلی مەحیاوی، کاندیدی ژمارە 54 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 241ـی هاوپەیمانی عەزم، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، مەحیاوی پێشتر پێشکەشکاری بەرنامەی حەما عێراق بووە لەوەزارەتی بەرگری عێراق و ئەندامی شانەی راگەیاندنی جەنگی بووە و بەپلەی عەقید خانەنشین کراوە.


١٥-موقەدەم سەعد حەمید زوبەیعی، کاندیدی ژمارە 35 لەپارێزگای بەغداد لەسەر لیستی ژمارە 241ـی هاوپەیمانی عەزم، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، زوبەیعی پێشتر فەرماندەی سەربازی بووە.