Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
00:00:00
بار دەبێت...
کتوپڕ
بار دەکرێت...

د.رێبوار سەرکەوت، بەڵام د.فەرهاد کرا بەجێگری دووەم

 

  ئاکام وەزیری:
ماوەی دوو رۆژە پڕۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق بووەتە رۆژەڤی عێراق و هەرێمی کوردستان، گەرچی پارتی دیموکراتی کوردستن بەپاڵپشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەشێک لەلایەن سوننی و شیعییەکان توانی پۆستی جێگری دووەمی پەڕلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەوەی لەراستیدا لەپڕۆسەکە سەرکەوت رەوتی هەڵوێست و خودی رێبوار کەریم بوون.

دوای ئەوەی رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق بۆهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانی عێراق بەرێوەچوو، سەرۆکی پەڕلەمان و جێگری یەکەم هەڵبژێردرا، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا د.شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر د.رێبوار کەریم کاندیدی رەوتی هەڵوێست سەربکەوێت، بەڵام ئەوەی سوپڕایزبوو بۆپارتی، شکستی کاندیدەدەکەی یەکەمی پارتی بوو بەرامبەر کاندیدەکەی رەوتی هەڵوێست، کە ژمارەی کورسییەکانی پارتی شەش هێندەی کورسییەکانی رەوتی هەڵوێست بوو.

پێشنیوەڕۆی رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 و چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنەکەی پەڕلەمانی عێراق، بارەگای بارزانی دەستپێشخەرییەکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەبارەی میکانزمی دیاری کردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی بڵاوکردوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێت: "مەرج نیە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆیەکێتی یان پارتی بێت، لەوانەیە بۆکەسێکی حزبی دیکە یان بێلایەنێک بێت، پێویستە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار لەپەڕلەمانی کوردستان یان لەکۆبوونەوەی هەموو حزبەکان یانیش سەرۆکی فڕاکسیۆنە کوردییەکانی پەڕلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە".

ئەو دەستپێشخەرییەی بارزانی وایکرد یەکێتی نیشتمانی کوردستان دژی کاندیدەکەی پارتی دەنگ بەکاندیدەکەی رەوتی هەڵوێست بدات و لەدوو خولی هەڵبژاردن کاندیدەکەی رەوتی هەڵوێست بەپاڵپشتی یەکێتی و بەشێک لەشیعە و سوننەکان سەرکەوتن بەسەر کاندیدەکەی پارتی بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان، کە دەکاتە 50+1 واتا 166دەنگ، نەیتوانی ببێتەجێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق.

لەرۆژی 30ـی کانوونی یەکەمی 2025 دانیشتنی یەکەم درێژەی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنەکە بۆکاتژمێر 5:30خولەکی ئێوارە دواخرا، تاوەکو دەستپێکردنی دانیشتنی پەڕلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان رازی کرا بەکشانەوەی د.شاخەوان عەبدوڵڵا و دانانی د.فەرهاد ئەتروشی لەشوێنی، بۆئەوەش پێویست بوو د.رێبوار کەریم بکشێتەوە، بەڵام کاندیدەکەی رەوتی هەڵوێست سوربوو لەسەر مانەوە لەکێبڕکێیەکە، بەڵام دواجار بەشێوەیەکی نایاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان د.شاخەوان عەبدوڵڵای کشاندەوە و د.فەرهاد ئەتروشی لەشوێنی دانا و لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنە شیعی و سوننییەکان رێککەوت و پاشان دانیشتنی پەڕلەمان دەستی پێکرد.

ئەوەی جێی سەرنج بوو، سەرەڕای نایاسایی بوونی دانانی د.فەرهاد ئەتروشی لەکێبڕکێی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق، کەچی پڕۆسەی دەنگدانی گەڕی سێهەم بۆهەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، د.فەرهاد ئەتروشی کاندیدی پارتی توانی بە178دەنگ بەسەر د.رێبوار کەریم کاندیدی رەوتی هەڵوێست سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

گەرچی لەو پڕۆسەیەدا د.فەرهاد توانی ببێتە جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق، بەڵام براوەی سەرەکی ئەو پڕۆسەیە رەوتی هەڵوێست و خودی د.رێبوار کەریم بوون، ئەویش بەم چەند خاڵەی خوارەوە:
١-دانانی د.فەرهاد ئەتروشی بەپێی ماددەی حەوت لەپەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی عێراق نایاساییە و هەرکاتێک سکاڵا لەسەر ئەو پڕۆسەیە تۆماربکرێت گەر دەستوەردانی سیاسی نەکرێت دادگای فیدڕاڵی ئەو پۆستە لەپارتی دیموکراتی کوردستان و د.فەرهاد وەردەگرێتەوە، بەم جۆرەش راستەوخۆ و بەبێ دەنگدان د.رێبوار دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق.
٢-پەیامی ئەوە بەپارتی دیموکراتی کوردستان درا، بەغداد جیاوازە لەهەولێر و سیاسەت بەغرور و عینادی و کەللە رەقی ناکرێت و پێویستە لەگەڵ لایەنەکان رێکبکەوێت گەر پۆستێک وەربگرێت، دەبێت دەستبەرداری دوو پۆستی دیکە ببێت.
٣-گەرچی لەگەڕی سێهەم د.فەرهاد کاندیدی پارتی توانی 178دەنگ بەدەستبهێنێت و بەسەر د.رێبوار سەربکەوێت، بەڵام دواجار د.رێبوار توانی 104دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەمەش بۆحزبێکی سیاسی بچوک، کە خاوەنی 5کورسی پەڕلەمانی عێراقە، سەرکەوتنێکی گەورەیە، کەبتوانێت متمانەی 99پەڕلەمانتاری دیکە بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا دوو گەورەترین حزبی هەرێمی کوردستان بەپاڵپشتی دۆستە شیعی و سونییەکانیانەوە دژایەتییان کرد.

بەم جۆرەبێت راستە د.فەرهاد ئەتروشی کرایە جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق، بەڵام ئەوەی لەپڕۆسەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا د.رێبوار و رەوتی هەڵوێست بوون.